پەروەردەی عیراق: زیاتر لە شەش هەزار قوتابی بەشە پیشەیییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەرگیراون
سەوسەن سەید
٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزارەتی پەروەردەی عیراق فراوانکردنی دەرفەتی وەرگرتنی دەرچووانی خوێندنی پیشەیی لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتمەندەکان بۆ ساڵی خوێندنی ئێستا راگەیاند، بە ئامانجی رەخساندنی دەروازەی ئەکادیمی بەرفراوانتر بۆ خوێندکاران بەپێی پسپۆڕییەکانیان.
سەلام جەزائیری، بەڕێوەبەری گشتیی خوێندنی پیشەیی لە وەزارەت رایگەیاند، دەرچووانی خوێندنگە پیشەیییەکان لە بەغداد و پارێزگاکان رێژەی وەرگرتنیان لە زانکۆ تەکنیکییەکان، پەیمانگاکانی نەوت، بەشەکانی هونەرە جوانەکان و شوێنەوار زیادی کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، 6،645 قوتابی لە یەکەمەکانی بەشە پیشەیییەکان لە زانکۆ تەکنیکییەکان و پەیمانگاکانی نەوت لە بەشە هاوشێوەکانیان وەرگیراون.
هەروەها جەختی کردەوە لە بوونی دانوستان بۆ وەرگرتنی دەرچووانی تری خوێندنی پیشەیی لە خوێندنی ئێواران لە کۆلێژە تەکنیکی و ئەهلییەکان.
جەزائیری ئاشکراشی کرد کە ژمارەی یەکەمەکان لە چاو ساڵانی رابردوو زیادی کردووە، رێژەی وەرگرتنی دەرچووانی خولی یەکەم و دووەمی ساڵی خوێندنی 2025-2026 لە پەیمانگاکانی نەوت بە رێژەی 30٪ بەرزکراوەتەوە، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی کەرتی نەوت لە رێگەی کادێری پسپۆڕەوە.



