بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی هەڵسەنگاندنی جیهانیی لە لایەن دەستەی متمانەپێکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا و دڵنیایی جۆری وڵاتی ئوردنی پێدرا و بەمەش بڕوانامەی دەرچوەکانی لە جیهاندا باوەڕپێکراو دەبێت.

کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی متمانەی نێودەوڵەتیی ئوردنی بەدەستهێنایەوە و زانکۆی سلێمانیش دەڵێت؛ ئەمە بەرزڕاگرتنی ئاستی ئەکادیمی و زانستیی کۆلێژی پزیشکی لەسەر ئاستی هەرێم و ناوچەکە.

زانکۆی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، دەستەی متمانەبەخشین و دڵنیایی جۆریی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە شانشینی ئوردن، بڕیاری بەردەوامیدان بە بەخشینی بڕوانامەی متمانە و دڵنیایی جۆری بۆ کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی دەرکرد.

بەپێی نوسراوی رەسمی دەستەکە، ئەنجومەنی دەستەکە بڕیاریداوە بە نوێکردنەوە و بەردەوامیدان بەبڕوانامەی متمانەبەخشین بۆ پڕۆگرامی کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی سلێمانی.

ئەم بڕیارەش وەک بەڵگەی پابەندبوونی بەردەوامی زانکۆی سلێمانی دەستنیشان کراوە بۆ پاراستنی ستانداردە جیهانییەکانی خوێندنی پزیشکی و بەرزڕاگرتنی ئاستی ئەکادیمی و زانستیی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەدا.