وەفدێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق، وەك چاودێریی نێودەوڵەتی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی روسیادا دەكات.

ئاژانسی رەسمی هەواڵەكانی عیراق بڵاویكردەوە، وەفدێكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە سەرۆكایەتیی عومەر ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی كۆمیسیاران و چەند ئەندامێكی ئەنجومەنەكە وەك چاودێر بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی روسیا دەكەن كە بە دۆما ناسراوە و لە 18 بۆ 20ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەفدەكە لەسەر بانگهێشتی كۆمیسیۆنی ناوەندیی هەڵبژاردنەكانی روسیا سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە لە چوارچێوەی بەهێزكردنی پەیوەندی دوو قۆڵی و ئاگاداربوون لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەكان لە بەڕێوەبردن و رێكخستنی هەڵبژاردندا.

بڵاویشیكردووەتەوە، وەفدەكەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بەشداری دەكات لە كارەكانی دیداری نێودەوڵەتی هەڵبژاردنەكان لە كاتی قەیرانەكاندا و تیایدا چەند بابەتێكی پەیوەندیدار و ئاستەنگەكانی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن تاوتوێ دەكرێن.