لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق چونێتی هەژماركردنی نرخی بەرمیلێك نەوتی لە بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027ئاشكراكرد، ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی گرژی و ئاڵۆزییەكانی گەروی هورمز.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی رایگەیاند: ئاڵۆزییەكانی ئێستا كاتیین و ئامادەكردنی بودجە بۆ تەواوی ساڵێك دەكرێت، بۆیە نرخی بەرمیلێك نەوت بەپێی رەوشی لەناكاوی كاتی دیاری ناكرێت، بەڵكو لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە دەبێت كە رەوشی بازاڕی جیهانیی نەوت دەكۆڵنەوە و خەمڵاندن بۆ نرخە چاوەڕوانكراوەكان دەكەن.

روونیشكردەوە، چاوەڕوان دەكرێت عیراق نرخی نەوت لە نێوان 53 بۆ 56 دۆلاردا بخەمڵێنێت لە بەدجەی 2027دا، هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، رەنگە حكومەت بیر لە هەژماركردنی نرخەكە لە نێوان 60 بۆ 70دۆلاریش بكاتەوە، بەڵام بۆ ئەوەیان پێویستی بە خوێندنەوەی وردی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سومۆ) دەبێت.