وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی نوێی خانەنشینبوونی ئاڕاستەی زانکۆکان کرد
بڵند
١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم، تەمەنی خانەنشینی بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران دیاریکرد، پێویستە 60 ساڵی تەواو کردبێت و 15 ساڵ خزمەتی کەمتر نەبێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، بەپێی گشتاندنێکی رەسمی و بە ئیمزای بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی، رێکارە نوێیەکانی خانەنشینکردنی فەرمانبەران و مامۆستایانی ئاڕاستەی سەرجەم زانکۆ حکومییەکان و دەستە زانستییەکان کرد.
خوێندنی باڵا دەڵێت؛ ئەم هەنگاوە لەسەر بنەمای نووسراوە رەسمییەکانی ئەنجومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی، بۆ رێکخستنەوەی کارگێڕی و جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ناردراوە.
بەپێی رێنماییە نوێیەکان، مەرجی سەرەکی بۆ خانەنشینبوون بریتییە؛ لە تەواوکردنی تەمەنی 60 ساڵی و هەبوونی لانی کەم 15 ساڵ خزمەتی وەزیفی لە کاتی گەیشتن بەو تەمەنەدا.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ هەر فەرمانبەر یان مامۆستایەک ئەو مەرجانەی تێدا کۆببێتەوە بە شێوەیەکی رەسمی دەخرێتە خشتەی خانەنشینییەوە.
هاوکات جەختکراوەتەوە کە دوای تەواوکردنی تەمەنی 60 ساڵی، هیچ ماوەیەکی زیادەی خزمەت بۆ فەرمانبەر هەژمار ناکرێت.


