سەرۆک کۆمار جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان بەغداد و هەرێم لە دۆسیەکانی کشتوکاڵ و ئاودا دەکاتەوە
سەوسەن سەید
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
سەرۆک کۆماری عیراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێم لە دۆسیەکانی کشتوکاڵ و ئاودا کردەوە.
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ دووشەممە، پێشوازی لە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەفدی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا تیشک خرانە سەر کۆمەڵێک دۆسیەی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو. سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە دا: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کەمبوونی ئاو و کەمیی بارانبارین بوونەتە ئاستەنگی راستەقینە لەبەردم کەرتی کشتوکاڵدا، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستیی پەیڕەوکردنی پلانی بەردەوام بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و گەشەپێدانی شێوازەکانی کشتوکاڵ بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی ئەو گۆڕانکارییانە و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و ئاو لە وڵاتدا.
لە بەرانبەردا، بێگەرد تاڵەبانی دۆخی کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لە هەرێمی کوردستان و گرنگترین پێداویستییەکانی خستەڕوو، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە دیدار و هەماهەنگییەکان لەسەر دۆسیە هاوبەشەکان کردەوە.



