دادگای بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کارەبا دەرکرد
سەوسەن سەید
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
لە بڕیارێکی نوێی دادگادا و بە تۆمەتی زیادکردنی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی نایاسایی، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ناوەڕاست دەرکرد و پابەندیشی کرد بە گەڕاندنەوەی زیاتر لە 25.7 ملیار دینار بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
بەپێی راگەیەندراوێکی دەستەی دەستپاکی، دادگای تایبەت بە تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی سزای حەوت ساڵ زیندانیکردنی بۆ سزادراو (عەلاء سەمیر راشد) دەرکردووە، بەپێی ماددەی (19/دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی ناڕەوا (ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراو).
لە بڕیاری دادگاکەدا هاتوو، سزادراوەکە پابەند کراوە بە گەڕاندنەوەی (پێنج ملیار و 524 ملیۆن و 135 هەزار دیناری عیراقی) لەگەڵ (پێنج ملیۆن و538 هەزار و 593 دۆلاری ئەمریکی)، جگە لە سەپاندنی سزایەکی دارایی بە هەمان بڕ، کە بە کۆی گشتی هەردوو بڕەکە دەکاتە 25.7 ملیار دینار.
دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕیاری دادگا پشتڕاستکردنەوەی دەستبەسەرداگرتنی گشت ئامراز و مڵکە گوازراوە ونەگوازراوەکانی سزادراوەکەی لەخۆگرتووە، لەگەڵ بەخشینی ماف بە دەستەی دەستپاکی بۆ داواکردنی قەرەبووکردنەوە لە زیانەکان دوای یەکلا بوونەوەی کۆتایی بڕیاری دادگا.



