تیروپشکی دابەشکردنی چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سلێمانیدا ئەنجامدرا
سەوسەن سەید
١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەردەوامە و لە قۆناغێکی نوێدا تیروپشک بۆ دابەشکردنی چوار هەزار پارچە زەویی تر لە سنووری شارەوانیی سلێمانی بەڕێوەچوو.
بە ئامادەبوونی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و لەیلا عومەر عەلی، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و نوێنەرانی فەرمانگەکانی شارەکە، ئەمڕۆ دووشەممە، دوای تەواوکردنی رێکارە پێویستەکان، پرۆسەی تیروپشک بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو.
لە رێگەی ئەم پرۆسەیەوە، چوار هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە پێگەکانی (یەک و سێ)ی داربەڕوولە و پێگەی (20)ی بەردەکەڕ لە تەنیشت شاری لاوان دابەشکران.
شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە، لە ماوەی رابردوودا بە چەند قۆناغێک 23 هەزار پارچە زەویی تر لە سێکتەرەکانی فەرمانبەران، لاوان و سۆتکە دابەشکراون.
جەختیشیان کردەوە کە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و بەپێی لیستی هاتووی دامەزراوەکان، سەرجەم فەرمانبەرانی شایستە زەوییان بۆ تەرخان دەکرێت.


