یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا ئیدانەی شەهیدكردنی شەرڤانەكەی شاری حەسەكە دەكات و  دەلێت ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی روداوەكە دەستگیركراون.

سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگریی سوریا لە پەیامێكدا  رایگەیاند، پرسە و سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید سیپان (سامی شێخ مووس حەسۆ) دەكەم كە لە ئەنجامی تاوانێكی دڕندانە شەهید كرا.

ئیدانەی هەر پەیام و وتارێكی  میدیاییشی كرد كە هانی توندوتیژی بدات و داوای لە هاووڵاتییان كرد رێگە بە دروستبوونی ئاڵۆزی لە ناوچەكەدا نەدەن.

یاردەدەری وەزیری بەرگری سوریا  راشیگەیاند، دەزگا ئەمنییەكان ژمارەیەك لە تۆمەتبارانی سەرەكیی رووداوەكەیان دەستگیركردووە و هێزە ئەمنییەكان لە هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دەستگیركردنی تەواوی تاوانباران.

سامی شێخ مووس حەسۆ شەرڤان بووە لەریزەكانی  لیوای حەسەكە، شەوی رابردوو  دوای رفاندنی بە شێوازێكی دڕندانە لەلایەن ئەندامانی هۆزێكی عەرەبەوە شەهید كرا.