فراكسیۆنی یەكێتی: دابەشكردنی پۆستەكانی نەوتی باكوور لە كەركوك نادادپەروەرانەیە
لازیا عەلی
٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لە وەزیری نەوت دەكات كۆتایی بە پەراوێزخستنی نەتەوەی كورد بهێنێت و پۆستەكان بە یەكسانی و بەپێی دەستوور دابەش بكات.
ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەوە كرد، كە وەزارەتەكان بە خواستی خۆیان پۆستەكان دابەش دەكەن و رێز لە بنەما نەتەوەییەكان ناگرن و جەختی كردەوە كە دابەشكردنی پۆستەكانی نەوتی باكوور لە كەركوك نادادپەروەرانەیە و دوورە لە پرەنسیپە یاساییەكان.
داواشیان لە وەزیری نەوت كرد كە پابەندی دەستوور بێت و پۆستەكان بە یەكسانی لە نێوان پێكهاتەكاندا دابەش بكات، تاوەكو رێگری لە تێكچوونی هاوسەنگیی سیاسی لە دامەزراوەكانی دەوڵەتی عیراقدا بگیرێت و مافی كورد لە بەغداد پارێزراو بێت.



