بڕیارێکی نوێ لەبارەی چاپی پەڕتووکەکانی خوێندنی عیراق دەرچوو
سەوسەن سەید
٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق، بڕیاریدا بە بەشدارپێکردنی کۆمپانیا و چاپخانە ناوخۆییەکان لە پڕۆسەی چاپی پەڕتووکەکانی خوێندن بۆ سەرجەم قۆناغەکان.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران، ئەم بڕیارەی زەیدی بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بەشداریپێکردنە لە پڕۆسەکەدا، تاوەکو ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی کوالیتی چاپی پەڕتووکەکان، زامنکردنی خێرایی لە جێبەجێکردن و گەیاندنی پەڕتووکەکان لە کاتی گونجاودا بۆ قوتابیان و خوێندکاران.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە محەمەد خەفاجی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، دوێنێ چوارشەممە، چەندین پەڕاوی گەندەڵیی رادەستی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی کرد، کە لە نێویاندا دۆسیەی چاپی پەڕتووکەکانی خوێندن هەبوو بەهۆی بوونی تێبینی و گومان لەسەر شێوازی سپاردنی کارەکان بۆ هەندێک لایەن.
ئەو پەرلەمانتارە جەختیشی کردبۆوە کە کارەکان سپێردراون بە کۆمپانیاگەلێک کە هیچ ئەزموون و کارێکی هاوشێوەیان لەم بوارەدا نەبووە، ئەمە جگە لە بەلاوەنانی چەندین چاپخانە و کۆمپانیای ناوخۆیی، چ حکومی و چ کەرتی تایبەت.



