وەزیری نەوتی عیراق: کار بۆ زیاترکردنی هەناردەی نەوت دەکەین بۆ پشتگیریکردنی بودجە
محەمەد رزگار
٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
وەزیری نەوتی عیراق جەخت لە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەکاتەوە و دەڵێت، پلانێکی نوێ بۆ پشتگیریکردنی بودجەی گشتیی عیراق دەستپێدەکات.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، باسم محەمەد، وەزیری نەوت سەرپەرشتی کۆبوونەوەی وەزارەتەکەی کردووە بە ئامادەبوونی بریکار و راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەپێکەوە کاردن کردووەتەوە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.
لە کۆبوونەوەکەدا باسم محەمەد پێویستە تەواوی ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی نەوت چارەسەر بكرێن و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن زیاد بکرێت، بە مەبەستی پشتگیریکردنی بودجەی گشتیی دەوڵەت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، وەزیری نەوت راسپاردەکانی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی گەیاندووەتە ئامادەبووان بۆ دابینکردنی پشتگیریی تەواو بۆ ستافی وەزارەت، بە ئامانجی جێبەجێکردن و خێراکردنی پڕۆژەکان لە وادەی دیاریکراوی خۆیاندا.
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڕاستەی ئەرکەکانیان لەم قۆناغەدا پشت بە هەڵسەنگاندنی بەردەوام دەبەستێت بۆ بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا و فەرمانگەکان لەسەر بنەمای دەستپاکی و لێهاتوویی، جەختیشی لە بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا دڵنیاییدا لەوەی شێوازی ئابوریی نوێ بۆ کەرتی پاڵاوتن و دابەشکردن دەستکاریی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران ناکات و مافەکانیان "هێڵی سورە"، دەشڵێت ئەم شێوازە نوێیە بۆ ماوەی چوار مانگ دەخرێتە ژێر هەڵسەنگاندنەوە.



