سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەفدەکەی خانەقین کرد
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، لە کۆشکی سەلام لە بەغداد، بە ئامادەبوونی د. خالید شوانی، وەزیری داد، پێشوازی لە وەفدێکی کەسایەتی، سەرۆک هۆزەکانی قەزای خانەقین کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، چەندین پرسی پەیوەندیدار بە رەوشت خزمەتگوزاری، ئابووری و گەشەپێدانی قەزای خانەقین تاوتوێ کران و تیشک خرایە سەر رێگەچارەکانی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی دانیشتووانی ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە: پێکەوەژیانی ئاشتییانە و تەبایی نێوان تەواوی پێکهاتەکانی خانەقین، بنەمای سەرەکیی بەرەوپێشبردنی ناوچەکە و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوامە.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی بەهێزکردنی گیانی لێکتێگەیشتن و هاوکاری کرد بە مەبەستی پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی یەکتری.
لە بەشێکی تری ئاخاوتنەکەیدا، سەرۆک کۆمار جەختی لە پێویستیی گوێگرتن لە داواکارییەکانی خەڵکی خانەقین کردەوە و رایگەیاند: لە رێگەی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە بەدواداچوونی جدی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان دەکرێت.
لە بەرانبەردا، ئەندامانی وەفدەکەی قەزای خانەقین خۆشحاڵی و پێزانینی خۆیان بۆ گرنگیدانی سەرۆک کۆمار بە دۆخی قەزاکە دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی هەوڵەکان کردەوە بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و هێنانەدی خواستی هاووڵاتییانی شارەکە.



