ئەمریكا گرێبەستێكی 800 ملیۆن دۆلاریی بۆ فرۆشتنی هێلیكۆپتەر بە عیراق پەسەندكرد
لازیا عەلی
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
ئەمریكا گرێبەستی فرۆشتنی چەندین هێلیكۆپتەری جەنگیی و كەرەستەی سەربازی بە عیراق پەسەندكرد كە بەهاكەی دەگاتە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرایكردووە، دوای ماوەیەكی زۆر لە گفتوگۆ و دانوستان، گرێبەستی فرۆشتنی چەندین هێلیكۆپتەری جەنگیی و كەرەستەی سەربازییان بە عیراق پەسەندكردووە كە بەهاكەی دەگاتە نزیكەی 800 ملیۆن دۆلار و هێلیكۆپتەرەكانی جۆری بێڵ 412 و بێڵ 407 و سیستمەكانی پەیوەندی و ئاراستەكردنی موشەك دەگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بڕیارە كۆمپانیای بێڵ-تێكسترۆن ئەركی جێبەجێكردنی گرێبەستەكە بگرێتە ئەستۆ، ئیدارەی ئەمریكاش بە رەسمی كۆنگرێسی لەو بڕیارە ئاگادار كردووەتەوە و یاسادانەرانیش 30 رۆژ مۆڵەتیان هەیە بۆ پێداچوونەوە بە وردەكارییەكان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا جەختیشیكردووەتەوە، ئەو هەنگاوە دوای داواكارییەكی پێشووتری حكومەتی عیراق دێت بە مەبەستی بەهێزكردنی تواناكانی سوپا و پاراستنی ئاسایشی وڵاتەی.



