كەشناسیی عیراق دەستپێكی کەشی پاییزەی راگەیاند
هەساو ئەمیر
١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦
كەشناسیی عیراق دەستپێكی وەرزی پاییزی راگەیاند و دەڵێت، لە ئەمڕۆ بەدواوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكارییان بەسەردادێت.
دەستەی كەشناسیی و بومەلەزەزانی عیراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە كەشی عیراق بە گشتیی گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و دەچێتە ناو كەشێكی پاییزە و فێنكەوە، چونكە بەپێی پێشبینییەكان، پلەكانی گەرما لە ئەمڕۆوە گۆڕانكاری بەرچاویان بەسەردا دێت و تا كۆتایی ئەم مانگەش پلەكانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە وەك ئامادەكارییەك بۆ چوونە ناو چالاكترین نیوەی وەرزی بارانبارین.
كەشناسیی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا هەندێك لە تایبەتمەندییەكانی كەشی هاوینە دەمێنێتەوە، بەڵام بە گشتی شەوان و بەرەبەیان فێنك دەبێت و تیشكی خۆریش وەك مانگەكانی هەشت و حەوت هەراسانكەر نابێت.



