حەیدەر عەبودی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، زەیدی پێشنیازی مانەوەی بەشێك لە هێزەكانی هاوپەیمانانی رەتكردووەتەوە، لە مانگی داهاتووشدا دەنگ لەسەر پڕۆژە بودجەی 2027 دەدرێت. 

عەبودی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: پڕۆژە بودجەی 2027 جیاواز دەبێت و بڕیارە ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا دەنگی لەسەر بدات. 

وتیشی: حكومەت تاوتوێی پرسی بەهەمیشەیی كردنی گرێبەستەكان و دیاریكردنی تێچووی داراییان دەكات.

حەیدەر عەبودی باسی لەوەشكرد: گەڕانەوەی چەك بۆ دەستی دەوڵەت لەپێشینەی كارەكانی حكومەتی عیراقە و ئەو رێكارانەشی حكومەت لەوبارەیەوە ئەنجامی دەدات، بەپێی یاسا و دەستورە.

بە وتەی عەبودی: عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێشنیازێكی بۆ هێشتنەوەی بەشێك لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دوای 30ی ئەیلول رەتكردووەتەوە. 

ئەوەشی ئاشكرا كرد: زەیدی گەشتێك بۆ وڵاتانی ئەوروپا لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلول ئەنجام دەدات، كە پاریس و بەرلین لەخۆدەگرێت و باسی پرسی ئەمنی و چەندین بابەتی تر دەكرێت.

سەبارەت بە پرسی گەندەڵیش وتی: حكومەتی عیراق دەستكەوتی وای بەدەستهاتووە كە لە ساڵی 2003ەوە بەدەستنەهاتووە و هەروەها تاوتوێی هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات دەكات.