دەستەی دەسپاکی فیدراڵی رایگەیاند، کۆتایی بە رێکارەکانی فرۆشتنی موڵکێک بە رووبەری 550 دۆنم لە پارێزگای ئەنبار هێناوە و رێگریی لە بەهەدەردانی نزیکەی 19.25 ملیار دینار لە سامانی گشتی کردووە.

دەستەکە ئاماژەی بەوە داوە کە موڵکەکە دەکەوێتە چوارچێوەی نەخشەی فراوانکردنی داهاتووی شارۆچکەی رەمادی. لێکۆڵینەوەکانی تیمی دەستەکە پێشێلکارییان لە رێکارەکانی راگەیاندن و فرۆشتندا دۆزیوەتەوە، جگە لە دیاریکردنی نرخێک بۆ موڵکەکە کە زۆر کەمتر بووە لە بەهای راستەقینەی خۆی و بەبێ وەرگرتنی رەزامەندییە یاساییەکان لە شارەوانیی رەمادی ئەنجام دراوە.

روونیشی کردەوە: موڵکەکە بە بڕی 13.75 ملیار دینار فرۆشرابوو، لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە بەهای راستەقینەی دەگاتە 33 ملیار دینار، بە جیاوازیی 19.25 ملیار دینار.