پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی تۆمەتباری روداوی تەقەکردنەکەی ئەمڕۆی گەڕەکی 99ی زانکۆی راگەیاند، کە بەهۆیەوە ژنێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای گەیشتنی هێزەکانیان بۆ شوێنی روداوەکە، توانیویانە لە ماوەیەکی کورتدا تۆمەتباری سەرەکیی روداوەکەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستگیربکەن.

روداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رویدا، کاتێک تۆمەتبارەکە بە چەکی جۆری دەمانچە هێرشی کردە سەر ماڵی خەزووری و دەستڕێژی گوللەی لێکردن، لە ئاکامدا خوشکی هاوسەرەکەی دەستبەجێ گیانی لەدەستدا و خەزووری و هاوسەرەکەشی برینداربوون.

پۆلیسی هەولێر جەختی لەوەش کردووەتەوە، لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەدا دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە و رێکاری یاسایی توند بەرامبەری دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت.