دەستەی دەستپاكی عیراق فەرمانی حەوت ساڵ زیندانیكردنی بۆ تەڵال زوبەعی و بریكاری وەزارەتی نەوت دەركرد، لەگەڵ پێدانی 123 ملیار دینار وەك سزای ماددیی.

دەستەی دەستپاكی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، دادگا بڕیاری حەوت ساڵ زیندانیكردنی بۆ هەریەك لە تەڵال زوبەعی پەرلەمانتاری پێشوو و عەلی بەهادلی بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ عەمباركردن و دابەشكردن دەركردووە، بە تۆمەتی تێوەگلانیان لە تاوانی زیادكردنی سامانیان بە شێوەیەكی نایاسایی و گوماناوی.

بەپێی فەرمانەكە، تەڵال زوبەعی 35 ملیار دینار لە سەروەتەكەی بە بێ ئەوەی سەرچاوەكانی دیاربێت زیادیكرئەوە، دادگاكەش لەگەڵ سزای زیندانیكردنەكەدا بری 70 ملیار دینار سزای پێبژاردن كردوە، ئەوەش دوو هێندەی ئەو پارەیە كە بە نارەوا دەستیكەوتوە.

بریكاری وەزارەتی نەوتیش بۆ كاتی دابەشكردن، نزیكەی 26 ملیار و 500 ملیۆن دیناری لە سامەنەكەی زیادیكردوە، دادگاكەش پابەندیكردوە بە پێدانی 53 ملیار دینار وەك سزای پێبژاردن.