خالید شوانی: ئەو کەسانەی تاوانیان بەرانبەر گەلی عیراق ئەنجامداوە لە عیراق دادگایی دەکرێن
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦
خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق لە تازەترین لێدوانیدا وردەکاریی نوێی دەربارەی دۆسیەی گواستنەوەی زیندانییان لە زیندانەکانی سوریاوە بۆ عیراق و پرۆسەی جێبەجێکردنی سزای سێدارە ئاشکرا کرد، لە کاتێکدا ئامارەکان رەگەزنامە و پێکهاتەی هێزە خۆکوژ و زیندانییەکان لە وڵاتدا دیاری دەکەن.
وەزیری داد لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند: بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بە رەزامەندیی ئەنجومەنی وەزاریی ئاسایشی نیشتمانی، لە ماوەی 24 رۆژدا 5704 زیندانیی تیرۆریست لە زیندانەکانی سوریاوە گوازراونەتەوە بۆ عیراق، بەبێ ئەوەی هیچ پێشێلکارییەکی ئەمنی یان مافی مرۆڤ تۆمار بکرێت.
شوانی ئاماژەی بەوەش کرد: فایەق زەیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی لێکۆڵینەوەکان دەکات و لیژنەیەکی تایبەتی لە 11 دادوەر پێکهێناوە کە لێکۆڵینەوەی سەرەتاییان تەواو کردووە و دۆسیەکان دەنێردرێنە دادگا پەیوەندیدارەکان.
جەختیشی کردەوە: ئەو کەسانەی تاوانیان بەرانبەر گەلی عیراق ئەنجامداوە لە عیراق دادگایی دەکرێن، لە کاتێکدا بیانییەکانی تر دوای لێکۆڵینەوە ڕەوانەی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.
سەبارەت بە دواکەوتنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی 14 هەزار سزادراو، شوانی روونی کردەوە: هیچ فشارێکی نێودەوڵەتی لە پشتەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە مافی یاسایی تۆمەتباران بۆ داواکردنی دووبارە دادگاییکردنەوە لە کاتی خستنەڕووی بەڵگەی نوێ، کە ئەمەش پرۆسەی جێبەجێکردن دوادەخات.
هاوکات بەپێی زانیارییەکانی سەنتەری نەخیل بۆ مافەکان و ئازادیی رۆژنامەگەری، لە نێوان ساڵانی 2003 بۆ 2013 زیاتر لە 2 هەزار خۆکوژ خۆیان لە عیراق تەقاندووەتەوە بەم شێوەیەیی لای خوارەوە:
_فەلەستینی و ئوردنییەکان: بە 1200 خۆکوژ لە پلەی یەکەمدا دێن.
_سعودییەکان: 300 خۆکوژ بوون، و لە ئێستادا تەنها 10 سزادراوی سعودی لە زیندانەکانی عیراقدا ماون.
_یەمەنی و سورییەکان: 250 خۆکوژی یەمەنی و 200 خۆکوژی سوری تۆمارکراون.
_وڵاتانی کەنداو: کەمترین ژمارە هی وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و بەحرێن بوون کە کۆی گشتییان تەنها 20 خۆکوژ بووە.
سەنتەری نەخیل ئاشکرایشی کرد: لە ئێستادا 1400 سزادراوی بیانی و عەرەب لە زیندانەکانی عیراقدا هەن، لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو زیندانییانەی لە سوریاوە وەردەگیڕێنەوە خەڵکی عیراق، تونس و مەغریبن.



