هەوڵێکی قاچاغبردنی 83 هەزار دۆلاری لە فرۆکەخانەی بەغداد پوچەڵکرایەوە
٣٠ی ئابی ٢٠٢٦
دەستەی گشتیی گومرک، رایگەیاند کە رێگرییان لە هەوڵێکی قاچاغبردنی بڕی 83 هەزار دۆلاری ئەمریکی کردووە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد.
لە بەیاننامەیەکی دەستەکەدا بڵاوی کردووەتەوە: دەستمان بەسەر 83 هەزار دۆلاری ئەمریکی گرت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد، و ئاماژەی بەوە دا: گەشتیارێکی عیراقی هەوڵی داوە ئەو بڕە پارەیە بێ ئەوەی رایبگەیەنێت، بیباتە ژوورەوە، بەڵام لە کاتی پشکنینی وردی کەلوپەلەکانیدا لە هۆڵی گەیشتنی فڕۆکەخانەکەدا دۆزراوەتەوە.
دەستەی گشتیی گومرک جەختیشی کردەوە: رێکارە یاساییەکان بەرانبەر گەشتیارەکە و بڕە پارە دۆزراوەکە بەپێی یاسا و رێنماییە کارپێکراوەکان گیراونەتە بەر، ڕوونیشی کردەوە کە ئەم ئۆپراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیاندایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەوڵەکانی قاچاغبردن و پاراستنی ئابووریی نیشتمانی.



