مستەفا سەند، وەزیری پەیوەندییەکانی عیراق جەختی کردەوە لە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی بۆ راگەیاندنی خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم (5G) لە پاریزگاکانی عیراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی هاوکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم ئاسانن و کارکردن بەردەوامە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنی هاوبەش.

مستەفا سەند لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی رەسمیی دەنگوباسی عیراق رایگەیاند: نوێنەری هەرێمی کوردستان لە بەغداد، لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونم وەک وەزیر، داوەتنامەیەکی نووسراوی لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کردم بۆ سەردانیکردنی هەرێم، وەزیری گواستنەوە و پەیوەندییەکانی هەرێمیش لە سەردانێکیدا پێش هەفتەیەک ئەم داوەتنامەیەی دووپاتکردەوە، ئێمەش سوورین لەسەر ئەنجامدانی سەردانەکە بۆ هەولێر."

وتیشی: وەزارەت کۆمەڵێک کێشەی بڕیارنەدراوی ئاسانی لەگەڵ هەرێمدا هەیە، وەک ئینتەرنێتی کێبڵ کە لە بەسرەوە بەرەو ئەوروپا دەڕوات و بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، چونکە لە کاتی گەیشتنی بە هەرێم پێویستی بە تێگەیشتن هەیە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانەی لەوێ کار دەکەن.

روونیشی کردەوە: وەزارەت داوای کردووە عیراق وەک یەک قەوارە لە بەرانبەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەربکەوێت، هەروەها دەکرێت تێگەیشتن لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمدا هەبێت بۆ ئەوەی رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان راستەوخۆ لەرێی وەزارەتی پەیوەندییەکانی فیدراڵییەوە ئەنجام بدرێن.

وەزیری پەیوەندییەکان ئاماژەی بە چەند بابەتێکی تریش کرد: لە هەرێمی کوردستان، وەزارەتی پەیوەندییەکان بەرپرسە لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی لەنێویاندا 'کۆڕەک'، چونکە حکومەتی هەرێم دەستەی سەربەخۆی پەیوەندییەکانی نییە بەو شێوازەی لە حکومەتی ناوەندیدا هەیە، ئەمەش وا دەکات لە کاتی رودانی هەر حاڵەتێکی لەناکاودا ئاڕاستەی قسەکانیان بەرەو وەزارەتی فیدراڵی بێت لەبری دەستەکە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەش دا: بابەتێکی تر پەیوەستە بە خزمەتگوزاریی (5G)، چونکە هەرێم هەنگاوی پێشتری ناوە بەراورد بە حکومەتی ناوەندی لە کاراکردنیدا، لە ئێستاشدا کار دەکەین بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتن تاوەکو لە یەک کاتدا ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرانسەری وڵاتدا رابگەیەنرێت.