حكومەتی عیراق: تائێستا زیاتر لە یەك ترلیۆن و 359 ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە
لاوان
٢٩ی ئابی ٢٠٢٦
وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەبەیاندا زیاتر لە یەك ترلیۆن و 359 ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حكومەتی عیراق ئاماژەی بەوە كرد، بە بەهای زیاتر لە یەك ترلیۆن و 359 ملیار دینار پارە و موڵك و ماڵی گشتی لەلای گەندەڵكاران گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
ئەوەشی خستەڕوو، هەر لە چوارچێوەی هەڵمەتەكەدا زیاتر لە 26 هەزار هەواڵ گەیشتووەتە دەستەی دەستپاكی لەسەر دۆسییەی گەندەڵی و گەندەڵكاران.
عەبودی ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی یاسای پاداشتكردنی هەواڵدەر، هەر هەواڵدەرێك نزیكەی 5%ی ئەو بڕە پارەیە پاداشت دەكرێت كە لە دۆسییەكی گەندەڵیدا دەستی بەسەردا دەگیرێت، وتیشی، حكومەتی عیراق هەنگاوی گەورەی ناوە لە رێڕەوی چاكسازی و بنبڕكردنی سەرچاوەكانی گەندەڵی.


