وەزیری پێشووی دارایی عیراق رایدەگەیەنێت؛ ناوی نەخراوەتە لیستی چاودێری تیرۆری ئەمریکاوە.

تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، کە باس لە خستنەناوی بۆ ناو لیستی چاودێریکردنی تیرۆر لە ئەمریکا یان رێگری لێکردنی بۆ چوونە ناو خاکی ئەو وڵاتە دەکەن.

تەیف سامی ئاماژەی بەوەکرد، ئەو زانیارییانەی لەبارەی چوونە دەرەوەی لە عیراق یان رێگریکردن لە بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو لە واشنتۆن بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و جەختی کردەوە لە ناوخۆی عیراقدا ماوەتەوە.

وەزیری پێشووی دارایی راشیگەیاند، هیچ بڕیارێکی دادوەری یان رێکارێکی رەسمی لە دژی دەرنەچووە و ئەوەی بڵاودەکرێتەوە تەنها لێدوانی سیاسیی هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێسە و پشتی بە هیچ بەڵگەنامەیەکی رەسمی نەبەستووە؛ هاوكات جەختیشی کردەوە مافی یاسایی خۆیەتی بۆ پەنابردنە بەر دادگا بەرانبەر هەر کەس و لایەنێک کە زانیاریی ناڕاست بڵاوبکاتەوە.