لە حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان تەقینەوەیەک رویدا و بەهۆیەوە کوڕ و باوکێک گیانیان لەدەستدا.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک لە بەردەم کۆشکی دادی شاری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان، هاووڵاتییەک و منداڵەکەی گیانیان لەدەستدا و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، روداوەکە بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکەوە بووە لە بەردەم کۆشکی دادی حەسەکە، کە بەهۆیەوە باوکێک و منداڵەکەی دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوە و هاووڵاتییەکی دیکەش کە لە شوێنی روداوەکە بووە بریندار بووە. 

میدیا ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، دوای روداوەکە هێزە ئەمنییەکان گەیشتوونەتە شوێنی تەقینەوەکە و هێڵێکی ئەمنییان لە دەوروبەری کۆشکی داد دروست کردووە، هەروەها بریندارەکەیان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کردووە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر هۆکار و چۆنیەتی روداوەکە دەستپێکردووە.