دۆناڵد ترەمپ: گەروی هورمز خاکی ئەمریکایە
دیلان
٢٨ی ئابی ٢٠٢٦
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' وێنەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا گەروی هورمز خراوەتە ناو لیستی "هەرێمەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا".
لە وێنەکەدا کە ناونیشانی 'ناوچەکانی ئەمریکا'ـی هەڵگرتووە، ئاڵای چەندین هەرێمی سەر بە واشنتۆن پیشان دراوە و لە بەشی سەرەوەشیدا نەخشەی گەروی هورمز دانراوە و وشەی "نوێ"ـی لەپاڵ نووسراوە (U.S. Territories)، ترەمپ لەگەڵ بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیەدا هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا؛ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاند، هێزەکانیان سەرکەوتوو بوون لە پاککردنەوەی گەروی هورمز لەو مینە دەریاییانەی پێشتر لەلایەن سوپای پاسدارانەوە چێنرابوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند مانگی رابردوودا یارمەتی نزیکەی هەزار و 500 کەشتیی بازرگانی دراوە بۆ تێپەڕبوون لە گەروەکە، کە زیاتر لە 750 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاویان هەڵگرتبوو.
هەر لە راگەیەنراوەکەدا، سێنتکۆم جەختیشیکردەوە، "کردنەوەی رێڕەوەکان بە مانای کەمکردنەوەی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران نایەت، بەڵکو لە مانگی تەمموزەوە رێگە بە هیچ کەشتییەک نەدراوە بچێتە بەندەرەکانی ئێران یان لێیان بچێتە دەرەوە، جگە لەو کەشتیانەی هاوکاریی مرۆییان هەڵگرتووە"
جێی ئاماژەیە، بەپێی ئامارەکان هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەروی هورمز بەراورد بە رابردوو لە ئاستێکی نزمتردایە و خستنەڕووی نەوت لەو رێڕەوە بەراورد بە ئاستی ئاسایی خۆی کەمبووەتەوە.
ئەو وێنەیەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' بڵاویکردەوە



