لە هەڵمەتێکی لادانی زێدەڕۆیی لە بەغداد گرژی دروستبوو، لەئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا و چوار کارمەندی تریش برینداربوون.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق ئاشکرایکرد، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی رەسمیدا بۆ لادانی زێدەڕۆیی نیشتەجێبوون لە ناوچەی 'دۆرە' لە باشوری بەغداد، هێزە ئەمنییەکان و مەفرەزەکانی خزمەتگوزاری رووبەڕووی تەقەکردن بوونەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئەنجامی دەستڕێژی گلولەکەدا، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمیندارییەتی بەغداد، کە پلەی عەمیدە کوژرا، هەروەها چوار کەسی دیکە برینداربوون کە پێکهاتوون لە کارمەندێکی پۆلیسی فیدراڵی، دوو کارمەندی پۆلیسی ئەمیندارییەتی و موچەخۆرێکی ئەمندارییەتی بەغداد.

لەلایەکی ترەوە، بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغداد، هێزە ئەمنییەکان گەمارۆیەکی توندیان بەسەر ناوچەکەدا سەپاندووە و دەروازەکانیان داخستووە، لە ئۆپراسیۆنێکی کێوماڵکردنی فراواندا تا ئێستا کەسێکی تۆمەتبار دەستگیرکراوە و گەڕان بەدوای تاوانبارانی تردا بەردەوامە.