سەرۆك وەزیرانی قەتەر بە سەردانێك بەرەو تاران بەرێككەوت
کەژان
٢٧ی ئابی ٢٠٢٦
سەرۆك وەزیرانی قەتەر سەردانی تاران دەكات و ترەمپیش پێشبینی دەكات بەزوویی گەروی هورمز بكرێتەوە.
شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، بەیانی ئەمڕۆ بەرەو تاران بەڕێكەوت بۆ دیداری ژمارەیەك لە لێپرسراوانی ئێران، بە مەبەستی تاوتوێكردنی كەمكردنەوەی گرژییەكان و رەخساندنی زەمینە بۆ دەستپێكردنەوەی دیالۆگ، جگە لە تاوتوێكردنی ئازادیی كەشتیوانی لە گەروی هورمز و رێگەچەرەكانی گەڕاندنەوەی رەوشەکە بۆ پێش 28ی شوباتی رابردوو.
پێش گەشتەكەشی، سەرۆك وەزیرانی قەتەر زنجیرەیەك پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ژمارەیەك لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو ئەنجامداوە ، بە مەبەستی تاوتوێكردنی هەوڵە دیپلۆماسییەكان.
ئەمەش لە كاتێكدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، جەنگەكە بە زوویی كۆتایی پێدێت و جەختی لەوەكردەوە، واشنتۆن نزیكبووەتەوە لە پێكانی ئامانجەكانی و گەروی هورمز بۆتەوە بە كراوە و لەژێر كۆنتڕۆڵی ئەمریكادایە، سوپای پاسدارانی ئێران جەختی لەوە كردەوە كە گەروەكە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی تاراندایە و تا ئەمریكا مەرجەكانیان قبوڵ نەكات، ناكرێتەوە.



