دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان: دادگا فەرمانە سالارییەکەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی هەڵوەشاندەوە
٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
دادگای رەسافە فەرمانە سالارییەکەی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی هەڵوەشاندەوە و پشتگیری لە بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق دەکات بۆ راگرتنی کارکردنی کۆمپانیاکە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگای رەسافە لە بەغداد بڕیارێکی دادوەریی دەرکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی سالاریی کۆمپانیای کۆڕەک و هێشتنەوەی بڕیاری راگرتنی کارکردن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەدا.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان رایگەیاند، دادگای رەسافە لە 24ی ئابی 2026 بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو فەرمانە سالارییەی لەلایەن بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم پێشکەش کرابوو.
بەپێی بڕیارەکەی دادگا، بڕیارەکەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان تایبەت بە راگرتنی کارکردن لەگەڵ کۆمپانیای کۆڕەک بە بەهێزی و چالاکی دەمێنێتەوە.
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکە دوای ئەوە هات، سەرۆکی دەزگای جێبەجێکار لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە فەرمی تانەی لە داواکارییەکەی بەڕێوەبەری کۆڕەک دابوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان رێزی خۆی بۆ دەسەڵاتی دادوەری دوپاتکردەوە و جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی رێکارە یاساییەکان لە دۆسیەی کۆڕەک تیلیکۆمدا، بە ئامانجی پاراستنی مافی دەوڵەت، بەرژەوەندیی گشتی و مافی بەکارهێنەران.



