بانکی ناوەندیی عیراق دەنگۆی چاپکردنی دراوی نوێ و سڕینەوەی سفرەکان رەتدەکاتەوە
محەمەد رزگار
٢٦ی ئابی ٢٠٢٦
بانکی ناوەندیی عیراق بە رەسمی ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە چاپکردنی بڕێک دراوی نوێی عیراقی بە سڕینەوەی سفرەکانەوە دەکەن و ئاشکرایکرد، هەموو ئەو هەواڵانەی لەو بارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە.
بانکی ناوەندیی عیراق لە رایەگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەواڵانەی لە هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن لەبارەی چاپکردنی دراوی نوێ و لادانی سفرەکان بڵاوبوونەتەوە، پشتیان بە هیچ سەرچاوەیەکی رەسمی نەبەستووە و رەتیدەکەنەوە.
جەختی کردووەتەوە، هەر پڕۆژەیەکی داهاتوو بۆ دووبارە رێکخستنەوەی دراو یان سڕینەوەی سفرەکان، لە کاتی دەرکردنی بڕیاری رەسمیدا، پێویستی بە تێپەڕبوون بە چەندین قۆناغی یاسایی، رێکخستن و هونەریدا هەیە.
هەر لە راگەیەنراوەکەی بانکی ناوەندیدا ئاماژە بەوەکراوە، پڕۆژەیەکی لەو شێوەیە پەسەند بکرێت، لە رێگەی کەناڵە رەسمییەکانەوە رادەگەیەنرێت و ماوەیەکی گونجاو بۆ گواستنەوە دیاری دەکرێت تا هاووڵاتییان، بانکەکان و دامەزراوەکان بە شێوازێکی ئارام و رێکخراو دراوەکان بگۆڕنەوە، بە شێوەیەک کە مافی دارایی هەمووان پارێزراو بێت.
بانکی ناوەندیی عیراق داوا لە هاووڵاتییان و دەزگاکانی راگەیاندن دەکات بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەکی تایبەت بە سیاسەتی دراو تەنها پشت بە کەناڵ و راگەیەنراوە رەسمییەکان بانکەکە ببەستن، چونکە رەنگە بڵاوبوونەوەیان ببێتە هۆی سەرلێشێواوی یان زیان بە بەرژەوەندییە داراییەکانی هاووڵاتیان.



