راوێژكاری ئەمنیی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئاشكرایدەكات، پێشنیازیان بۆ ئێران و سعودیە كردووە ئەنجومەنێكی هەماهەنگیی هاوبەش دابمەزرێنن و جەختیش لەوە دەكاتەوە رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی لەگەڵ گروپە چەكدارەكان هێڵی سورە.

قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئەمنیی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، پێشنیازێكیان ئاڕاستەی ئێران و سعودیە كردووە بۆ ئەوەی ئەنجومەنێكی هەماهەنگیی هاوبەش دابمەزرێنن، وتیشی، ئەو دوو وڵاتە هیچ گرفتێكیان نییە جگە قەیرانی بێمتمانەیی بەرامبەر یەكتر.

ئاماژەی بەوەشكرد، حكومەتی عیراق بڕیارێكی ستراتیژیی داوە كە دەبێت چەك تەنیا لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت، وتیشی رێكەوتی 30ی ئەیلول بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەكان لە عیراق دیاریكراوە، نەك كۆتاییهاتنی مۆڵەتی دانانی چەكی گرووپە چەكدارەكان.

ئەعرەجی دڵنیاییشیدا، هیچ ئاژاوەیەكی سیاسیی لە ئاكامی ئەو بڕیارە دروست نابێت و رووبەڕووبوونەوەی چەكداریش لەگەڵ ئەو گرووپانە هێڵی سوورە، وتیشی، لە رێگەی گفتوگۆوە بەردەوامن و ئەنجامەكان تا ئێستا ئەرێنین.

راوێژكاری ئەمنیی سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەوەشی خستەڕوو، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوای 30ی ئەیلوول بەهێزتر دەبن.