لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق زیاتر لە 30 ئیمزا كراوەتەوە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆڕتی عیراقی بۆ 25 هەزار دینار، كە لە ئێستادا تێچووەكەی دەگاتە بڕی 91 هەزار دینار.

ئیبتیسام هیلالی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، لە ئەنجومەنی نوێنەران زیاتر لە 30 ئیمزایان كۆ كردووەتەوە بۆ كەمكردنەوەی تێچووی دەرهێنانی پاسپۆرتی عیراقی بۆ 25 هەزار، كە لەئێستادا تێچووەكەی بە سەرجەم رسومات و رێوشوێنەكانە دەگاتە بڕی 91 هەزار دینار و ئەوەش پێچەوانەی یاسای پاسپوڕتە.

ئەوەشی خستەڕو، ئیمزاكان بە رەسمی پێشكەشی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت بە ئامانجی زیادكردنی بۆ كارنامەی دانیشتنێكی ئەنجومەنەكە و تاوتوێكردنی، لە ئەگەری پەسەندكردنی ئەو پێشنیازەش ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیازەكە پێشكەشی سەرۆك وەزیران و وەزارەتی ناوخۆ دەكات بۆ تەواوكردنی رێوشوێنە كارگێڕی و یاساییەكانی.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پاسپۆڕتی عیراقی ریزبەندی سێیەمی گرتووە لەنێو لاوازترین پاسپۆڕتەكانی جیهان و هەڵگری پاسپۆڕتەكە تەنها دەتوانێت سەردانی 28 وڵات بكات بەبێ وەرگرتنی ڤیزە.