لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان بەغداد و تاران بۆ ئاساییکردنەوەی جووڵەی بازرگانی، ئاژانسی ئیرنا رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر بەخشینی مۆڵەتی تێپەڕبوون بە ژمارەیەک لە نەوتهەڵگرەکانی عیراق لە رێگەی گەروی هورمزەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک داواکاری و هەماهەنگیی بەردەوامی لایەنی عیراقی لە رێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە هاتووە.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەدەستهێنانی ئەم ئاسانکارییە تایبەتە بۆ كەرتی گواستنەوەی نەوتی عیراق، یەکێک بووە لە تەوەری سەرەکیی وتوێژەکانی بەغداد لە کاتی سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئیسلامیی ئێران بۆ عیراق.