دوای نزیکەی 100 رۆژ؛ عەلی زەیدی ئاڕاستەی حکومەتەکی بۆ ئایندە خستەڕوو
یەحیا
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لە هەشتەمین كۆڕبەندی دیالۆگی بەغداد كۆمەڵێك بڕیار و ئاڕاستەی نوێی حكومەتەكەی بۆ ئاییندەی ئابووری و ئەمنیی وڵات خستەڕوو.
زەیدی جەختی كردەوە كە مووچەی فەرمانبەران و خەرجییە حكومیەكان بۆ ساڵانی داهاتوو بە تەواوی زامن كراون، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە بودجەی ساڵی داهاتوو سەرنجی سەرەكی دەخاتە سەر گەشەپێدانی كەرتی كارەبا و بەكارهێنانی ئامرازەكانی پێشكەوتووی وزەی خۆر.
لە رووی ئابوری و داراییەوە، سەرۆك وەزیران باسی لە جێبەجێكردنی چاكسازی لە بەكارهێنانی سووتەمەنیدا كرد كە ساڵانە 17.8 ترلیۆن دینار گەڕانەوەی دارایی بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەبێت.
هاوكات ئاشكرای كرد كاركردن بۆ پەیداكردنی ڕێگەی جێگرەوەی هەناردەكردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی توركیا، بانیاسی سوریا و عەقەبەی ئوردن بەردەوامە و عیراق هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئۆپێكەوە ئاستی هەناردەكردنی نەوت لە ماوەی شەش ساڵدا بگەیەنێتە هەشت بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا.
لە كەرتی ئەمنی و بازرگانیدا، زەیدی جەختی كردەوە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان هاوڕان لەسەر كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و ڕێگە بە هیچ پێكدادانێكی سەربازی نادرێت.
هەروەها زەیدی بڕیاری بەكارهێنانی سیستمی وردبینی پێشوەختە بۆ ڕێگریكردن لە گەندەڵی و كەمكردنەوەی ڕسووماتی گومرگی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا دووپاتیكردەوە، خۆی بۆ خولی دووەم كاندید ناكاتەوە.
سەبارەت بە رێكارە ئابووری و داراییە ڕاستەوخۆكانیش بەرامبەر بازرگانان و پرۆسەی هاوردەكردن زەیدی هێمای بۆ ئەوە كرد، ئەم هەنگاوانە ئامانجیان بنبڕكردنی گەندەڵی بووە لە ڕێگەی دەستبەرداربوون لە سیستمی دوای وردبینی و كۆنتڕۆڵكردنی نرخەكان پێش ئیمزاكردنی گرێبەستەكان.
لە ڕووی گەشەپێدانی كەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی كاریشەوە، سەرۆك وەزیران دوپاتیكردەوە، حكومەت پلانی دابینكردنی زەویی كشتوكاڵی و پێدانی قەرزی ئاسانكاری بۆ ئەندازیارانی كشتوكاڵی و پزیشكانی ڤێتەرنەری خستووەتەڕوو، هاوكات جەخت لە دروستكردنی میكانیزمی هاندەر كراوەتەوە تا هێزی كار لە كەرتی گشتییەوە بەرەو كەرتی تایبەت ئاڕاستە بكرێت



