دەستەی دەستپاكی عیراق: زیاتر لە 16 هەزار خانەنشین دوای مردنیان موچەكانیان رانەگیراوە
لاوان
٢١ی ئابی ٢٠٢٦
دەستەی دەستپاكی عیراق وردبینی بۆ دەستەی گشتی خانەنشینی دەكات و دەڵێت، لە چوارچێوەی وردبنییەكانیاندا دەركەوتووتەوە زیاتر لە 16 هەزار خانەنشین لە دوای مردنیان موچەكانیان رانەگیراوە.
دەستەی دەستپاكی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەسەر رێنمایی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بە ئامانجی رێگریكردن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی موڵك و ماڵی گشتی، بەدواداچوون و وردبینیان بۆ دەستەی گشتی خانەنشینی دەستپێكردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، لە چوارچێوەی وردبنییەكانیان دەركەوتووە، 16 هەزار و 384 خانەنشین دوای مردنیان موچەكانیان رانەگیراوە، بەڕێوەبەری ژمارەیەك فەرمانگەی خانەنشینیش لە پارێزگاكان ناوی ساختە و وەهمیان بۆ لیستی خانەنشینان زیادكردووە.
دەستەی دەستپاكی ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە چوارچێوەی وردبینییەكان موچەی 19 هەزار و 321 خانەنشین لە پارێزگای ئەنبار راگیراوە، وردبینیش بۆ زیاتر لە 102 هەزار تۆماری خانەنشینی لە پارێزگای نەینەوا دەستیپێكردووە، دەشڵێت، ئێستا چەند لیژنەیەكی تایبەتمەند كار لەسەر بەدیجیتاڵكردنی تۆماری خانەنشنینان دەكەن بۆ رێگریكردن لە مووچەی وەهمی و پاراستنی موڵك و ماڵی گشتی.



