لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عیراق ئاشکرای کرد کە بڕیارە رێنمایی نوێ دەربچێت بۆ ئەوەی راگەیاندنی پشووە رەسمییەکان لە سەرجەم پارێزگاکاندا تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتیی وەزیراندا بێت.

رەجا فازڵ حەمدانی، ئەندامی لێژنەی پەروەردە لە پەرلەمان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: زۆربوونی پشوو بێبەرهەم و ناوخۆییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر پرۆسەی خوێندن دروست کردووە، بەتایبەت لەسەر قوتابیانی پۆلە کۆتاییەکان.

ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەش دا: رێنماییە چاوەڕوانکراوەکەی حکومەت مەبەست لێی رێکخستنەوەی پشووەکانە لە پارێزگاکاندا، جەختیشی کردەوە: رەوا نییە بۆ نموونە بەهۆی خراپیی کەشوهەوا لە چەند ناوچەیەکی سنوورداردا، پشووی گشتی لە تەواوی پارێزگایەکدا رابگەیەنرێت.

ناوبراو روونیشی کردەوە: بەکۆتاییهێنانی بەخشینی دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو بە پارێزگاکان و هێشتنەوەی لە دەستی سەرۆکایەتیی وەزیراندا چی بۆ تەواوی وڵات بێت یان بۆ پارێزگایەکی دیاریکراو لە کاتی پێویستدا رێگری لە پشووی بێسەروبەر دەگرێت و هاوکاریی مامۆستایان و ستافی تەندروستی دەکات بۆ تەواوکردنی پڕۆگرامەکانی خوێندن لە کاتی دیاریکراوی خۆیاندا.