حەشدی شەعبی جەخت لە سنورداركردنی چەك لەژێر دەستی دەوڵەتدا دەكاتەوە
٢٠ی ئابی ٢٠٢٦
دەستەی حەشدی شەعبی جەخت لە سنورداركردنی چەك لەژێر دەستی دەوڵەتدا دەكاتەوە و ئاماژە بەوە دەكات، رۆژی 30 ئەیلول دەبێتە رۆژێكی مێژوویی بۆ عیراق.
موهەنەد عوقابی بەڕێوەبەری راگەیاندنی جەنگیی لە دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاندووە، رۆژی 30ی ئەیلول رۆژێكی مێژوویی و سەروەرییە بۆ عیراق، چونكە كاتی كۆتاییهاتنی چەكی بێ مۆڵەتە لە وڵاتدا.
ئاماژەی بەوەش كردووە، حەشدی شەعبی وەك پشتێن و پاڵپشتێك بۆ هێزە ئەمنییەكان دەمێنێتەوە و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكاندا كار دەكات.
عوقابی باسی لەوەشكردووە، بە جێبەجێكردنی یاسای سنورداركردنی چەك لە دەستی دەوڵەت، عیراق دەچێتە قۆناغێكی نوێوە كە سەرجەم لایەنەكان تێیدا بەشدارن.
روونیشكردەوە، حەشد نزیكەی 250 هەزار چەكداری هەیە و نوێنەرایەتی پێكهاتە جیاوازەكانی گەلی عیراق دەكات، دوپاتیشیكردووەتەوە، دیالۆگ باشترین رێگەیە بۆ چارەسەركردنی هەر ناكۆكییەك لە نێوان لایەنەكاندا.



