بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدادی پایتەخت لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا کە بە ئامادەبوونی د. خالید شوانی، سەرپەرشتیاری مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغداد بەڕێوەچوو، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.

هەردولا جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆی بونیادنەرانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان کردەوە، لەپێناو پاراستنی ئاسایش و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی وڵات.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان، چارەسەرکردنی کێشەکان، پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و نزیککردنەوەی دیدگای جیاوازی لایەنەکان خەرج بكرێن.