ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردوەتەوە، عیراق پلانی هەیە لە رێگەی دروستکردنی بۆریەکی نەوتەوە کە بەناو خاکی سوریادا دەڕوات هەناردەی نەوتەکەی بکات بۆ جیهان، ئەمەش وەک جێگەرەوەیەک بۆ گەروی هورمز.

رۆیتەرز ئاماژەیبەوەکردوە، پلانی عیراق بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆرییەکەوە لە سوریا، بەدەربازبوون لە گەرووی هورمز، پێدەچێت چوار ساڵ بخایەنێت بۆ دروستکردن و لانیکەم 15 ملیار دۆلاری تێبچێت.

بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم پڕۆژەیە پێویستی بە دروستکردنی ژێرخانێکی سەرلەنوێ و تەواو تازە هەیە نەک تەنها نۆژەنکردنەوەی هێڵە کۆنەکە، بەو هۆیەوەش جێبەجێکردنی ئەگەری هەیە نزیکەی چوار ساڵ کارکردنی بەردەوامی پێویست بێت و تێچوەکەشی بە لانی کەمەوە بگاتە 15 ملیار دۆلار.

ئەم خەمڵاندنانەی رۆیترز لە کاتێکدایە، کە پێشتر بڕیاری جیاواز لەسەر زەمەن و تێچووی پڕۆژەکە هەبوو؛ یوسف قبلاوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەوڵەتی نەوتی سوریا دوو هەفتە بەر لە ئێستا ئاماژەی بەوە دابوو، کە نۆژەنکردنەوەی هێڵەکە لە ناوچەی حەدیسەی عیراقەوە بۆ بەندەری بانیاسی سوریا لە سەرەوەی خۆیەوە پێویستی بە لایەنی کەم سێ ساڵ هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش  رایگەیاندووە؛ دوای ئاوەدانکردنەوە، ئەم پڕۆژە پێشەنگە توانای سەرەتایی گواستنەوەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی دەبێت لە رۆژێکدا.

ئەمە لە کاتێکدایە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عیراق  و فالح ساری وەزیری دارایی رایانگەیاند بوو، بەهۆی داخستنی گەروی هورمزەوە زۆرترین زیان بەر ئابوری عیراق کەوتوە و دەبێت رێگەیەکی جێگرەوە بۆ تێپەراندی ئەو کێشەیە بدۆزنەوە.