خالید شوانی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە لە گرانی نرخی خواردن و پێداویستی لە گرتووخانەكان پێكدەهێنێت
لاڤە
١٨ی ئابی ٢٠٢٦
وەزیری دادی عیراق لیژنەیەكی پێكهێناوە كە لە ماوەی 72 سەعاتدا لێكۆڵینەوە بكات لە گرانی نرخی خواردن و پێداویستییەكان لەناو گرتووخانەكانی عیراقدا.
وەزارەتی دادی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، خالید شوانی وەزیری داد فەرمانی كردووە بە پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لە نرخی خواردن و پێداویستییەكان لە فرۆشگای گرتووخانەكاندا و بەراورد بكرێن بە نرخی بازاڕ، راشیگەیاندووە، ئەو لیژنەیە دەبێت لە ماوەی 72 سەعاتدا راپۆرتێك پێشكەش بكات و دواتر ئاراستەی وەزیری داد دەكرێت و بەپێی ئەنجامی راپۆرتەكە رێكاری ئیداری و یاسایی دەگیرێتەبەر.
ئەو هەنگاوە دوای ئەوە هات كەسوكاری بەندكراوان سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر نرخی خۆراك و پێداویستییە سەرەتاییەكان لە فرۆشگای گرتووخانەكاندا.
چەند رۆژێك لەمەوبەریش كەسوكاری بەندكراوان لە بەغداد گردبوونەوە و رایانگەیاند، نرخی یەك كیلۆگرام گۆشت لەناو فرۆشگای گرتووخانەكاندا بە 100 هەزار دینارە و بتڵێك زەیتیش بە نزیكەی 15 هەزار دینار دەفرۆشرێت.



