دادگای عیراق دەستبەسەرداگرتنی دەیان ملیۆن دۆلار و 60 کگم زێڕ لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتدا رادەگەیەنێت
سەوسەن سەید
١٦ی ئابی ٢٠٢٦
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عیراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستبەسەرداگرتنی 20 ملیۆن دۆلار و گەڕاندنەوەی 60 کیلۆگرام زێڕی لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن راگەیاند.
لە بەیاننامەیەکی ئەنجومەنەکەدا هاتوە: بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دەست بەسەر 20 ملیۆن و 340 هەزار دۆلاری ئەمریکی و 200ملیۆن دیناری عیراقی، لەگەڵ گەڕاندنەوەی 60 کیلۆگرام زێڕ و دەستبەسەرداگرتنی 7 ئۆتۆمبێلدا گیراوە.
ئەم رێکارانە لە چوارچێوەی دۆسیەی تۆمەتباری دەستبەسەرکراو عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و کەسانی تێوەگلاو لەگەڵیدا ئەنجامدراون.
دادوەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەکانی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو سەرمایە و دەستکەوتە داراییانەی لە ئاکامی بەهەدەردان لە پڕۆژە جێبەجێکراوەکاندا دروستبوون، بووە هۆی دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە پارە و زێڕ و ئۆتۆمبێلانە.
جەختیشی کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان و بەدواداچوون بۆ تۆمەتبارانی تر بەردەوامە تاوەکو تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە قانونییەکان بەرامبەریان.



