شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق رایدەگەیەنێت، بڕیاری كۆنترۆڵكردنی چەك سەرجەم لایەنەكانی دەرەوەی دەوڵەت دەگرێتەوە.

فەریق سەعد مەعن، سەرۆكی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عیراق بڵاویكردەوە، بڕیاری سنوورداركردنی چەك و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن دەوڵەتەوە، سەرجەم ئەو لایەن و گروپانە دەگرێتەوە كە لە دەرەوەی دامەزراوە ئەمنییەكانی عیراقن.
 دەشڵێت، بەپێی یاسا حەشدی شەعبی بەشێكە لە هێزە چەكدارەكانی عیراق و سەرجەم ئەندامەكانی پابەندی یاسا سەربازییەكانی سوپای عیراقن.

سەرۆكی شانەكە ئاماژی بەوەش كردووە، ئامانجی سەرەكی لەم هەنگاوە ئەوەیە رێگری لە دروستبوونی هێزیك یان دەسەڵاتێكی تر بكرێت كە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا چەك بەكاربهێنێت.

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ سوپای عیراق ئەركی پاراستنی خاڵە ئەمنییەكانی قەزای ئامرلی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین لە گوندی بەستاملی رادەستی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی باكور و رۆژهەڵاتی دیجلەی حەشدی شەعبی كرد.