پەیمانگەیەكی ئەمریكی: عیراق بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی پێویستی بە وڵاتانی كەنداوە
١٥ی ئابی ٢٠٢٦
پەیمانگەیەكی ئەمریكی دەڵێت، عیراق بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی پێویستی بە هەمەجۆركردنی رێگاكانی هەناردەكردنی نەوتە بەتایبەتیش لە رێگەی وڵاتانی كەنداوەوە.
پەیمانگەی دامەزراوەی بەرگریكردن لە دیموكراسییەكان لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، عیراق بۆ دابینكردنی 90%ی بودجەكەی تەنها پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و لەئێستاشدا ئاستی هەناردەی نەوتەكەی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیووە.
دەشڵێت، داهاتی عیراق لە مانگەكانی ئایار و حوزەیراندا تەنها نزیكەی دوو ملیار دۆلار بووە، لە كاتێكدا مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دۆلارە و كۆمپانیای سۆمۆش پەنای بۆ فرۆشتنی نەوت بە كۆمپانیای ئادنۆكی ئیماراتی بردووە بۆئەوەی لەو رێگەیەوە هەناردەی بكات.
پەیمانگەكە داوا لە ئەمریكا دەكات، هانی عیراق بدات بۆ نزیكبوونەوەی زیاتر لە وڵاتانی كەنداو بە مەبەستی هەناردەكردنی نەوت لە پێناو دابینكردنی موچەی فەرمانبەرانی حكومەتی عیراق.



