بەهۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاوی فورات هۆشداریی دەدرێتە عیراق لە دروستبوونی لافاو
١٥ی ئابی ٢٠٢٦
حكومەتی توركیا بەردانەوەی ئاوی روباری فوراتی دەستپێكردووە و بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەكەش هۆشداریی دەدرێتە عیراق.
وەزارەتی فریاگوزاریی سوریا هۆشدارییەكی بە پەلەی ئاراستەی پارێزگاكانی رەققە و دێرەزو و سەرجەم دانیشتوانی نزیك روباری فورات كردووە بەهۆی بەردانەوەی ئاوی روباری فورات لەلایەن حكومەتی توركیاوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، توركیا لە یەك چركەدا نزیكە 600 بۆ 800 مەتر سێجا ئاو بەردەداتەوە و بەهۆیەوە ئاستی ئاوی روبارەكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە و رەنگە لە هەندێك ناوچەدا مەترسی لەسەر دانیشتوان دروست بكات.
لایەنە پەیوەندیدارەكانی سوریا هۆشداریشیان داوەتە عیراق چەند رێكارێك لەو ناوچانە بگرێتەبەر كە نزیكن لە روباری فورات بە مەبەستی رێگریكردن لە دروستبوونی لافاو بەهۆی بەزبوونەوەی ئاستی ئاوی روبارەكە.



