سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای توندوتۆڵکردنی زیاتری دەروازە سنورییەکانی عیراق دەکات
ساکۆ سمکۆ
١٤ی ئابی ٢٠٢٦
ئەمڕۆ هەینی، 14ـی 8ـی 2026، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی بارەگای دەستەی دەروازە سنورییەکانی کرد.
لە سەردانەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عیراق داوای لە لێپرسراوابت دەروازە سنورییەکان کرد کە کارەکانیان بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی هاوردەکردن و هەناردەکردنی کاڵا بازرگانییەکان خێراتربکەن و بەوەش هەل بۆ گەندەڵی و چەواشەکاریی لە دەروازە سنورییەکان نەهێڵنەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێویستە بۆلەمەودا دەروازە سنورییەکان پشت بە داهاتی خۆیان ببەستن، بەجۆرێک کە باج و رسوماتی گومرگی پێشوەختە و پێش ئەنجامدانی حەواڵەکان ببڕدرێن و کرێی خزمەتگوزارییەکانیش پێشوەختە وەربگرن و داهاتەکەی بۆمەبەستی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی دەروازەکان تەرخان بکرێن.
هاوکات، عومەر عەدنان سەرۆکی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عیراق ئەوەی بۆ سەرۆک وەزیران ئاشکراکرد، کە ئەمساڵ داهاتی دەروازە سنورییەکان بەراورد بە ساڵانی رابردوو زۆر زیادیکردووە، ئەوەش بۆ پەیڕەوکردنی میکانیزمێکی نوێی ئەلکترۆنیی گەڕاندەوە کە هاوکاریانە لە کۆنترۆڵکردنی جوڵە بازرگانییەکان بە دەروازەکانیاندا.



