وەزیری نەوتی عیراق کردنەوەی وێستگەیەکی گەورەی غاز و چەند پڕۆژەیەکی نوێی راگەیاند
سەوسەن سەید
١٤ی ئابی ٢٠٢٦
باسم محەمەد خەزیر، وەزیری نەوتی عیراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی، ئاشکراکردنی وێستگەی ناوەندیی چارەسەرکردنی غازی لە کێڵگەی نەوتی فەیحا راگەیاند، کە توانای رۆژانەی دەگاتە 130 ملیۆن پێی سێجا غاز، لەگەڵ بەرهەمهێنانی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا لە هەمان کێڵگەدا.
وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاند کە لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئاستی هەناردەکردنی نەوت گەیشتووەتە تێکڕای دوو ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا کۆی هەناردەی مانگی تەممووزی رابردوو نزیکەی 49 ملیۆن بەرمیل بووە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە 85٪ی بودجەی وڵات پشت بە داهاتی هەناردەکردنی نەوت دەبەستێت و دامەزراوەکانی وەزارەت بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ زیاترکردنی ئەو داهاتە.
سەبارەت بە ستراتیژیەتی داهاتوو، وەزیر روونی کردەوە: هاوپەیمانییەکی پێکاهاتوو لە کۆمپانیای شیڤرۆن و UCCی قەتەری پڕۆژەی راکێشانی هێڵی بۆڕیی بەسڕە – فیشخابور جێبەجێ دەکەین تاوەکو نەوت بگەیەنرێتە بەندەری جەیهانی تورکی، بە ئامانجی فرەچەشنکردنی دەروازەکانی هەناردەکردن.
هاوکات باسی لەوەش کرد کە ئاماژە بەراییەکانی پشکنین لە ناوچەی ئەلفاو بوونی نەوت و غازیان سەلماندووە، ئەمەش هاوشانی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی لە غاز و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان.



