مەزھەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، موچە دەستەبەرکراوە و هەوڵەکان بە هەموو توانایەکەوە بۆ دابینکردنی بەردەوامن. جەختیشی کردەوە کە حکومەت پابەندە بە یاسا و دەستوور بۆ پاراستنی بژێویی هاوڵاتییان.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عیراقی (واع)، مەزهەر محەمەد ساڵح ئاماژەی بەوە کرد: قەیرانی نەختینەی ئێستا بەهۆی بارودۆخی جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە و ئاڵۆزییەکانی گەروی هورمزەوە دروستبووە، چونکە نزیکەی 85٪ی نەوتی هەناردەکراوی عیراق لەو گەروەوە تێدەپەڕێت و 70٪ی بۆ بازاڕەکانی ئاسیایە.

راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران روونیکردەوە: 90٪ی داهاتی بودجەی عیراق پشتبەستوە بە نەوت، هەر دابەزینێک لە داهاتدا کەلێنێکی دارایی دروست دەکات.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: مانگانە پێویستمان بە 8 تریلیۆن دیناری عیراقی هەیە بۆ دابینکردنی موچەی نزیکەی 10ملیۆن کەس (لەوانەش موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و بەغداد، خانەنشینان، چاودێری کۆمەڵایەتی و کارمەندانی کۆمپانیا حکومییە راگیراوەکان).

ساڵح وتیشی: دابینکردنی سەبەتەی خۆراک بۆ 40 ملیۆن هاوڵاتی بەشێکی تری گرنگی خەرجییە داراییەکانی دەوڵەتە.

لە کۆتاییدا ناوبراو جەختی کردەوە: دابینکردنی موچە و بژێویی خەڵک ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، حکومەت بە هەموو رێگە و توانایەکەوە مانگ بە مانگ کار لەسەر زامنکردنی موچە و ئاسایشی خۆراکی هاوڵاتییان دەکات.