وزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عیراق، پێشکەوتنی بەرچاوی وڵاتەکەی لە ریزبەندیی "نیشاندەری ئازادیی ئەکادیمی" بۆ ساڵی 2025 راگەیاند.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، راپۆرتێکی شیکاریی نوێ - کە پشت بە داتاکانی پرۆژەی "جۆرەکانی دیموکراسی" بۆ ساڵی 2026 دەبەستێت - ئاشکرای کردووە کە عیراق بەرەوپێشچونێکی بەرچاوی لە ئاستی ئازادیی ئەکادیمی تۆمارکردووە.

پلەی هەڵسەنگاندنی عیراق لەسەر پێوەرێک کە لە نێوان (0 بۆ 1)دایە، بۆ (0.604) بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024دا ( 0.412) بووە.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە عیراق لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی پلەیەکی پێشکەوتووی بەدەستهێناوە و هاتووەتە پلەی دووەم لە دوای وڵاتی لوبنان بە جیاوازییەکی زۆر کەم کە لە (0.014) خاڵ تێپەڕناکات، بەمەش بەشێوەیەکی دیار پێش ناوەندی وڵاتانی عەرەبی کەوتووە کە (0.240) خاڵە.