قەتەر: دانوستانەکانی ئێران و عومان سەبارەت بە گەروی هورمز لە قۆناغێکی پێشکەوتوودان
سەوسەن سەید
١١ی ئابی ٢٠٢٦
ماجد ئەنساری، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، کە دانوستانەکانی نێوان عومان و ئێران سەبارەت بە داهاتووی گەروی هورمز گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، و دانوستانەکانی بەوە وەسف کرد کە لە خاڵێکی یەکلایکەرەوەدان.
ئەنساری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پشتیوانیی تەواوی قەتەری بۆ سەرجەم هەوڵەکانی هێورکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە دەوحە وەک ناوەندگیرێک هەوڵ دەدات لە نزیکترین کاتدا تەنگەکە دووبارە بکارێتەوە.
وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە قەتەر پشتیوانی لە هەر پێکهاتەیەک دەکات کە ئاسایشی گەروی هورمز و ئازادیی کەشتیوانی تێدا دەستەبەر بێت و ڕێگری بکات لەوەی بێتە ئامرازێک بۆ گوشاری سیاسی. هەروەها ڕوونی کردەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بەرپرسیارێتییەکی بەکۆمەڵە و پێویستی بە هەماهەنگیی هاوبەشی هەرێمی هەیە، هاوکات پشتبەستن بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ خستنەگەڕی گوشار لەسەر ئیسرائیل بەرەو جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە، کە بەشێکە لە سەقامگیریی گشتیی ناوچەکە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی وەڵامی ئەرێنی لەلایەن عومان و ئێرانەوە پێگەیشتووە، کە ئەوەش پێشکەوتن لە هەڵوێستی دانوستانەکاندا نیشان دەدات.
جەختیشی کردەوە کە دانوستانەکان بەردەوامن و دەوحە بە هەماهەنگی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوبەشە هەرێمییەکانی بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ دەستەبەرکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی غەززە و هێنانەدی سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەدا، لە چوارچێوەی روانگەیەکی گشتگیردا کە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایش و ئاشتیی هەرێمییە.


