چیرۆکی ئەو ژنەی روفاتی 40 هەزار کۆیلەی ئەفریقی لە ژێر خانوەکەیدا دۆزیەوە
سام
٩ی ئابی ٢٠٢٦
لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل، گۆڕستانێک هەیە کە لە ساڵی 1770 تا ساڵی 1830، نزیکەی 40 هەزار کۆیلەی ئەفریقی تێدا بەخاکسپێردراون.
ویستی چاکسازی بکات، بەڵام مێژوویەکی رەشی بینی
چیرۆکەکە ساڵی 1996 دەستپێدەکات، کاتێک ژنێک بەناوی 'مێرسێد گێماراس دۆس ئەنجۆس'، لە شاری ریۆ دی جانیرۆی بەڕازیل بڕیار دەدات چاکسازی لە ماڵەکەیدا بکات، کاتێک دەست بە کارەکانی دەکات، هەندێک ئێست دەدۆزێتەوە، سەرەتا وادەزانێت هی ئاژەڵە، دواتر هەندێک ددان دەدۆزێتەوە کە هی مرۆڤی پێگەشتووە، دواتریش ددانی منداڵ دەدۆزێتەوە.

مێرسێد گێماراس کە خاوەنی ماڵەکەیە دەڵێت، سەرەتا زۆر ترسام، کە ددانی منداڵەکانیشم بینی دەستم بە گریان کرد، بیری خراپ بە مێشکمدا هات و پێم وابوو کە خاوەنی پێشتری ماڵەکە کەسێکی کوشتووە، بەڵام زوو وەڵامەکەم پەیدا کرد، دراوسێیەکمان کە شارەزای مێژووی ناوچەکە بوو، هات و بە نەخشەیەک بۆی روونکردمەوە کە ماڵەکەی ئێمە و سێ ماڵی دیکەش لەسەر گۆڕستانێک دروستکراون کە لە پێشتردا بۆ بەخاکسپاردنی کۆیلە نوێیە ئەفریقییەکان بەکارهاتووە.
"هۆڵۆکۆستی رەش پێستەکان"
گۆڕستانەکە ناوی ' Pretos Novos'ـە، واتە کۆیلە نوێیەکان، ساڵی 1770 تا 1830 ئەو کۆیلانەی تێدا بەخاکسپێردراوە کە لە ئەفریقاوە گوازراونەتەوە بۆ بەڕازیل، بەڵام ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنیان بە هۆکاری نەخۆشی یاخود هەر هۆکارێکی تر بێت گیانیان لەدەستداوە.
خاوەنی ماڵەکە ئاماژە بەوەشدەدات، من هۆڵۆکۆستی رەشپێستەکانم بینی، کەس بە منی نەوتبوو کە لەم ناوچەیە شتێکی وا بوونی هەیە.
ماڵەکە کراوە بە مۆزەخانە
ماڵەکە لە ساڵی 1866ـەوە دروستکراوە، لە ئێستادا کراوە بە مۆزەخانە و هاووڵتیان رۆژانە سەردانی دەکەن.

پێنج ملیۆن کۆیلە گوازراونەتەوە بۆ بەڕازیل
بەپێی زانیارییەکانی زانکۆی هارڤارد، لە ماوەی 300 ساڵی رابردوودا، نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لە ئەفریقاوە وەک کۆیلە گوازراونەتەوە بۆ بەڕازیل، 300 هەزار کەسیان پێش گەیشتنیان گیانیان لەدەستداوە و فڕێدراونەتە دەریا، بەشێکی زۆری ئەوانەشی دوای گەیشتنیان گیانیان لەدەستداوە لە گۆڕستانی 'کۆیلە نوێیەکان'ـی ریۆ دی جانیرۆ بەخاک سپێردراون.
قەدەغەکردنی کۆیلایەتی لە بەڕازیل
ساڵی 1888، بەڕازیل بە یاسا کۆیلایەتی قەدەغەکرد و ماڵەکەی مێرسێد گێماراسیش وەک بەشێک لە مێژووی رەشی بازرگانیی بە مرۆڤەوە ماوەتەوە.


